
گەنجینەکانی دانایی
ئهیوب ١:٢٩-٣١:٣٠
Jul 9, 2024 · 17m
Prefer sermons downloaded automatically?
About this sermon
ئهیوب ١:٢٩-٣١:٣٠
1ئەیوب سەرلەنوێ دەستی بە قسە کردەوە و گوتی:
2«خۆزگەم بە مانگەکانی ڕابردوو،
بەو ڕۆژانەی کە خودا منی پاراست،
3کاتێک چراکەی خۆی لە سەرم هەڵکرد و
بە ڕووناکی ئەو بەناو تاریکیدا دەڕۆیشتم!
4خۆزگە بەو ڕۆژانەی کە لە هەڕەتی هێز و توانادا بووم،
هاوڕێیەتییە گیانی بەگیانییەکەم لەگەڵ خودا چادرەکەی منی بەرەکەتدار کردبوو،
5خودای هەرە بەتوانا هێشتا لەگەڵم بوو و
منداڵەکانیشم لە چواردەورم بوون،
6کاتێک پێیەکانم بە شیر دەشوشت،
تاشەبەردیش جۆگەکانی زەیتی بۆ هەڵدەقوڵاندم.
7«کاتێک بۆ لای دەروازەی شارەکە دەچووم و
لە گۆڕەپانەکەدا دیوەخانی خۆم ئامادە دەکرد،
8گەنجەکان کە منیان دەبینی خۆیان دەشاردەوە،
پیرانیش لەبەرم هەڵدەستان و ڕادەوەستان؛
9پیاوە گەورەکان نەیاندەویست قسە بکەن،
دەستیان دەخستە سەر دەمی خۆیان؛
10پیاوماقوڵان دەنگیان لێ دەبڕا و
زمانیان بە مەڵاشوویانەوە دەنووسا.
11ئەوەی گوێی لێم دەبوو ستایشی دەکردم،
ئەو چاوەی کە دەیبینی شایەتی بۆ دەدام،
12چونکە ئەو هەژارانەی کە هاواریان بۆ دەهێنام و
ئەو هەتیوانەی کە بێکەس بوون ڕزگارم دەکردن.
13ئەوانەی لە سەرەمەرگدا بوون بەرەکەتیان دەدامێ و
دڵی بێوەژنم دەهێنایە قریوە.
14ڕاستودروستیم لەبەر دەکرد و دەمپۆشی؛
دادپەروەری کەوا و مێزەرەکەم بوو.
15دەبووم بە چاو بۆ نابینایان و
بە قاچ بۆ شەلان.
16من بۆ نەداران باوکێک دەبووم و
بەرگریم لە کەسێک دەکرد کە پێی ئاشنا نەبووم.
17کەڵبەی ستەمکارم وردوخاش دەکرد و
لەنێو ددانەکانی نێچیرم دەڕفاند.
18«جا گوتم: ”لەناو لانەکەی خۆم ڕۆح بەدەستەوە دەدەم و
وەک لم ڕۆژگارم زۆر دەبێت.
19ڕەگم بەرەو ئاوەکان درێژ دەبێتەوە،
بە درێژایی شەو شەونم بەسەر چڵەکانمەوە دەبێت.
20شکۆمەندیم بە هەمیشەیی لەگەڵم دەبێت،
کەوانەکەم لە دەستم نوێ دەبێتەوە.“
21«گوێیان لە من دەگرت و چاوەڕێیان دەکرد
لە کاتی ڕاوێژکردنم گوێیان بۆم شل دەکرد.
22لەدوای قسەکانم هیچیان لە دەم نەدەهاتە دەرەوە؛
قسەکانم دڵۆپەی بەسەریاندا کرد.
23چاوەڕێیان دەکردم وەک چاوەڕێی نمە باران بکەن و
دەمیان دەکردەوە وەک بۆ بارانی بەهار.
24کاتێک لەگەڵیان ڕووخۆش دەبووم، باوەڕیان نەدەکرد؛
کاتێک ڕەزامەندیم پیشان دەدا، چاوەڕێی ئەوەیان نەدەکرد.
25ڕێگام بۆیان هەڵدەبژارد و وەک سەرۆک دادەنیشتم؛
وەک پاشایەک لەناو سوپا نیشتەجێ دەبووم،
وەک ئەوەی دڵنەوایی شیوەنگێڕان دەداتەوە.
ئهیوب ٣٠
1«بەڵام ئێستا ئەوانەی لە من منداڵترن
گاڵتەم پێ دەکەن،
ئەوانەی بێزم نەدەهات باوکیان
لەگەڵ سەگەکانی ناو ڕانەکەم دابنێم.
2دەبێت هێزی دەستیان چ سوودێکی بۆ من هەبێت؟
لەبەر ئەوەی سست بوون و لە کەڵک کەوتوون.
3لە دەستکورتی و لە برسیێتیدا لەڕ بوون؛
بە شەو بەناو زەوی وشکدا دەگەڕان،
کە وێران و کاول بوون.
4ئەوانەی وشترالووک و گەڵایان لە دەوەنەکانەوە دەهێنا،
ڕەگی دار گەز خۆراکیان بوو.
5لەنێو کۆمەڵەی خەڵک دەردەکران،
هاواریان بەسەردا دەکردن وەک بەسەر دزدا هاوار بکەن.
6لەناو دۆڵە وشکەکان نیشتەجێ بوون،
لە ئەشکەوت و لەناو تاشەبەردەکان.
7لەنێو دەوەنەکان زەڕین و
لەژێر گەزگەزەکان خۆیان مات کرد.
8نەوەی گێلی، هەروەها نەوەی ئەوانەی بێ ناو بوون،
لە خاکەکە تێهەڵدراون.
9«بەڵام ئێستا ئەو گەنجانە بە گۆرانی گاڵتەم پێ دەکەن؛
پەندم بەسەردا دەڵێن.
10قێزم لێ دەکەنەوە، دوورەپەرێزیم لێ دەگرن؛
لە تفەکانیان ڕووی من ناپارێزن.
11خودا پەتی کەوانەکەی منی بەرداوە و منی چەماندووەتەوە،
جڵەوی لغاوەکەم بەدەستیانەوەیە،
12لەلای ڕاستم گەنجە لاسارەکان هێرش دەکەنە سەرم،
پاشقولم لێ دەگرن و سەنگەر لە دژی من لێ دەدەن.
13ڕێگاکانم لێ تێکدەدەن،
بۆ ژێرکەوتنم هاوکاری یەکتر دەکەن،
کەس نییە پشتگیری من بکات.
14ئەوان دێن هەروەک لە کەلێنێکی فراوانەوە بێن،
لەژێر وێرانیەوە خلۆر دەبنەوە.
15نەهامەتی بەسەرمدا وەرگەڕا،
هەروەکو با ڕێزی منی برد،
ئاسوودەییم وەک هەور تێپەڕی.
16«بە هێواشی ژیانم بەرە و کۆتایی دەچێت،
کەوتمە ڕۆژانی زەلیلییەوە.
17شەوگار ئێسکەکانم لەناومدا کلۆر دەکات،
ئازارەکانم پشوو نادەن.
18خودا بە زۆری هێزەکەی منی بە جلەکانم گرت و شێوەی گۆڕیم،
وەک یەخەی کراسەکەم، منی پێچایەوە.
19فڕێیدامە ناو قوڕەوە،
ڕەنگی خۆڵ و خۆڵەمێشم لێ نیشت.
20«ئەی خودا هاوارت بۆ دەهێنم و وەڵامم نادەیتەوە؛
ڕادەوەستم و ئاوڕم لێ نادەیتەوە.
21لەگەڵ مندا توند دەجوڵێیتەوە،
بە توانای دەستەکانت دژایەتیم دەکەیت.
22دەمڕفێنیت و دەمدەیتە دەست ڕەشەبا؛
فڕێمدەدەیتە ناو زریانەوە.
23دەزانم بۆ مردن دەمگەڕێنیتەوە،
بۆ ماڵی چاوەڕوانکراوی هەموو زیندووێک.
24«بێگومان کەس دەستدرێژی ناکاتە سەر مرۆڤێکی تێکشکاو،
کاتێک لە تەنگانەیدا هاوار دەکات.
25ئایا بۆ لێقەوماوان نەگریام؟
ئایا بۆ نەدار گیانم خەمبار نەبوو؟
26لەگەڵ ئەوەشدا، کە ئاواتەخوازی چاکە بووم، خراپە هات؛
چاوەڕوانی ڕووناکی بووم، تاریکی هات.
27هەناوم گڕی گرتووە و ناوەستێت،
ڕۆژانی زەلیلی بەرەوپیرم دێن.
28ڕەش هەڵگەڕام بەڵام بەبێ خۆر؛
لەناو کۆمەڵ هەستام هاوارم کرد.
29بووم بە برای چەقەڵەکان و
هاوڕێی کوندەپەپووەکان.
30پێستم ڕەش و هەڵوەری لەبەرم،
لەشم لەبەر تایەکی توند دەسووتێت.
31قیسارەکەم بۆ لاوانەوەیە و
شمشاڵەکەم بۆ دەنگی گریاوەکانە.
More from گەنجینەکانی دانایی
ئاشكراكردن ٢٢: ١٢ - ٢١
Jul 3, 2026 · 12m
ئاشكراكردن ٢٢: ١٢ - ٢١12«ئەوەتا بە پەلە دێم! پاداشتی خۆم پێیە، تاکو پاداشتی هەرکەسێک بەگوێرەی کارەکەی بدەمەوە.13من ئەلف و یێم، یەکەمین و دواهەمینم، سەرەتا و کۆتاییم.14«خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی...
ئاشكراكردن ٢٢: ١ - ١١
Jul 2, 2026 · 16m
ئاشكراكردن ٢٢: ١ - ١١1پاشان فریشتەکە ڕووباری ئاوی ژیانی پیشاندام، پڕشنگدار وەک کریستاڵ، لە تەختی خودا و بەرخەکە و2بە ناوەڕاستی شەقامی شارەکەدا دەڕوات. لە هەردوو ڕۆخی ڕووبارەکەدا درەختی ژیان ڕوابوو...
ئاشكراكردن ٢١: ٢١ - ٢٧
Jul 1, 2026 · 15m
ئاشكراكردن ٢١: ٢١ - ٢٧21دوازدە دەرگاکەش دوازدە مروارین، هەر دەرگایەک لە یەک دەنکە مرواری بوو. شەقامی شارەکە لە زێڕی بێگەرد بوو وەک شووشەی ڕۆشن.22پەرستگام تێیدا نەبینی، چونکە یەزدانی پەروەردگاری هەرە...
ئاشكراكردن ٢١: ١٥ - ٢٠
Jun 30, 2026 · 16m
ئاشكراكردن ٢١: ١٥ - ٢٠15ئەو فریشتەیەی لەگەڵم دەدوا دارێکی پێوانەی زێڕینی پێبوو، تاکو شارەکە و دەرگاکانی و شووراکەی بپێوێت.16شارەکە بە چوار گۆشەیی دانرابوو، درێژییەکەی هێندەی پانییەکەی بوو. شارەکەی...
ئاشكراكردن ٢١: ٩ - ١٤
Jun 29, 2026 · 14m
ئاشكراكردن ٢١: ٩ - ١٤9یەکێک لەو حەوت فریشتەیەی حەوت جامەکەیان پێبوو کە بە دوایین حەوت دەردەکە پڕکرابوون، هات بۆ لام و پێی گوتم: «وەرە بووکەکەت پیشان بدەم، ژنی بەرخەکە.»10بە ڕۆحی پیرۆز بردمی بۆ چیایەکی...
ئاشكراكردن ٢١: ٢ - ٨
Jun 28, 2026 · 16m
ئاشكراكردن ٢١: ٢ - ٨2شارە پیرۆزەکەش، ئۆرشەلیمی نوێم بینی لە ئاسمانەوە لەلایەن خوداوە دەهاتە خوارەوە، وەک بووکێکی ڕازاوە بۆ زاواکەی ئامادە کرابێت.3گوێم لە دەنگێکی گەورە بوو لە تەختەکەوە فەرمووی:...
Take these sermons with you.
Follow گەنجینەکانی دانایی in the Getsermons app to get every new sermon, build playlists, and pick up right where you left off.